ڕۆناڵدۆ لە مان یو دەمێنێتەوە ؟
تهمموز 20, 2022ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە، رۆناڵدۆ بۆ فرۆشتن نییە.
ئەمڕۆ لە یارییەکی دیکەی دۆستانەدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لە ئوسترالیا بەرامبەر یانەی کریستال پاڵاس یاری دەکات، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە جارێکی دیکە رۆژنامەڤانان پرسیاری کریستیانۆ رۆناڵدۆیان لە راهێنەری مانچێستەر یونایتد کرد.
ڕۆژنامەوانێک لە تێن هاگی پرسی، رۆناڵدۆ دێتە ئوسترالیا؟ راهێنەری مانچێستەر یونایتد گوتی ” پێت ناڵێم”، دوای ئەوە لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە گوتی کریستیانۆ دەفرۆشن؟ تێن هاگ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی ” نەخێر رۆناڵدۆ بۆ فرۆشتن نییە، ئەو لە پلانی من دایە بۆ وەرزی نوێ و دەمەوێت بەیەکەوە کاربکەین.”
ئەمە جاری سێیەمە راهێنەری مانچێستەر یونایتد رایدەگەیێنێت رۆناڵدۆ بۆ فرۆشتن نییە، سەرەڕای ئەوەی کە یاریزانەکە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات.
رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا پەیوەندیی بە مەشقەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد نەکردووە، ئەو لە پۆرتوگالە و نەگەڕاوەتەوە بۆ ئینگلتەرا.
لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا ناوی رۆناڵدۆ بە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانییەوە بەستراوەتەوە، رۆژنامەی ئەی ئێس دەڵێت ” ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ بچێتە ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام بەر لەوە دەبێت یانەکە دەستبەرداری دوو هێرشبەر ببێت.”
رۆژنامەی مارکا دەڵێت ” بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات.”
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت وەرزی نوێ لە چامپیۆنزلیگدا یاری بکات، مانچێستەر یونایتد نەگەیشتووەتە خولەکە و یاریزانەکەش سوورە لەسەر ئەوەی لە یانەکە بڕوات، لە ماوەی رابردوودا ناوی بە یانەکانی، بایرن میونشن، چێڵسی، بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان، ریال مەدرید، سپۆرتینگ لیشبۆنە و ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بەسترایەوە، بەڵام رۆناڵدۆ تەنیا لەسەر هەواڵی گەڕانەوەی بۆ سپۆرتینگ کۆمێنتێکی نووسی و گوتی ” درۆیە.”