ڕەوەز ئەحمەد :ئایا رامۆس تەنازول دەکات؟
حوزهیران 5, 2021سێرجیۆ رامۆس تا ئێستا گرێبەستەکەى لەگەڵ ریاڵ مەدرید نوێ نەکردۆتەوە و بە پێی راگەیاندنەکان بێت ، ئەگەری دورکەوتنەوەى زیاترە وەک لە مانەوە.
کێشەکەى رامۆس چییەى؟
رامۆس دەیەوێت گرێبەستەکەى لەگەڵ ریاڵ مەدرید بۆ دوو وەرز نوێ بکاتەوە ، بە بێ ئەوەى لێبڕینی موچەى بۆ بکەن.
بەڵام پیرێزی سەرۆک بەهیچ شێوەیەک بەوە رازی نییە و بە پێی سیاسەتەکەى خۆی ، هەر یاریزانێک تەمەنی گەیشتبووە 30 ساڵ، یەک وەرز یەک وەرز بۆندەکەى نوێ دەکاتەوە.
پێشتر هەمان سیاسەتی بەرامبەر رائول و گوتی و پیپی و رۆناڵدۆ بەکار هێناوەو هەر کە تەمەنیان گەیشتۆتە 30 ساڵ و سەروتر ، بۆ یەک وەرز گرێبەستی نوێ کردونەتەوە.
ئێستا رامۆس بەوە رازی نییە و دەیەوێت بۆ دوو وەرز گرێبەستەکەى درێژ بکاتەوە.
ئۆفەری پیرێز چییە؟
ئۆفەری پیرێز بۆ رامۆسی کاپتن زۆر رونە، یەک وەرز و داشکاندنی موچە بە رێژەى لەسەدا 10.
ئەوەش لەلایەن رامۆسەوە رەتکراوەتەوە، لەوکاتەوەى رەتیشکراوەتەوە، پیرێز هیچ شتێکی نەگۆریوە، هەمان گرێبەستە و تەنانەت بۆ جاری دووەمیش بۆی نەناردۆتەوە.
بە بەڕێوەبەری کارەکانیشی وتوە ئۆفەرەکەى ئێمە هەر ئەوەى سەرەتاى ساڵەو هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە.
ئەنجام چی رودەدات؟
ئەگەر رامۆس تەنازول نەکات ، هەر وەک رائول و رۆناڵدۆ دەبێت ریزەکانی ریاڵ مەدرید جێبهێڵێت.
لەبەرئەوەى پیرێز گۆرانکاری لە شێوازی کارکردنی خۆی ناکات و پێشتریش بۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی کە گۆڵکاری مێژویی ریاڵ بووە و بۆ رائولیش کە کوڕی یانەکە بوە ، هیچی نەگۆڕیوە.
بۆیە ئێستا تۆپەکە لە یاریگاى رامۆسدایە، یان ئەوەتا بە داواکارییەکانی پیرێز رازی دەبێت، یان دەبێت بڕوات.