لالیگا ئەمشەو یارییەکانی هەفتەی کۆتایی ئەنجام دەدرێن

لالیگا ئەمشەو یارییەکانی هەفتەی کۆتایی ئەنجام دەدرێن

ئایار 22, 2021 0 By wkadmin

ئەمشەو یارییەکانی هەفتەی 38 و کۆتایی خولی ئیسپانیا، لە کاتژمێر حەوتی ئێوارە چەند یارییەک ئەنجامدەدرێن، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی پێشەنگی ڕیزبەندی لەدەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ڤەلەدوەلید و ئەتلەتیکۆ بەبردنەوە ڕاستەوخۆ نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە بەدەستدەهێنێت بێ گوێدانە ئەنجامی یارییەکانی تر.

پێش یاریەکەی بەلەد وەلید، دێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری ئەتلەتیکۆ مەدرید دوپاتیکردەوە تەنیا ئامانجیان بردنەوەیە لەو یاریەدا لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا ئەگەر ژیانی خۆشیانیان لەسەر دانابێت. 

سیمیۆنی وتی: یاریەکی قورس دەبێت چونکە هەردوو یانە ئامانجێکی گەورەیان هەیە لەو یاریەدا، ئێمە دەمانەوێت ببینە پاڵەوان و ئەوانیش هەوڵی مانەوە لە خولی پلەیەکی ئیسپانی دەدەن. 

وتیشی: وەک هەموو یارییەکانی رابردوو ئامادەکاری تەواومان کردووە و دەمانەوێت لە سەرەتای یاری تا کۆتا چرکە باڵادەستی خۆمان بسەپێنین بەسەر یاریگادا و لە فیکەی کۆتایی ناوبژیوانیشدا ئەنجامەکە یەکلادەبێتەوە. 

سیمیۆنی ئاماژەی بەوەشدا، یاریەکەی بەلەدوەلید وەک یاری کۆتایی جامێک وایە نەک تەنیا کۆتا هەفتەی خولێک، راشیگەیاند وەرزێکی دوور و درێژ و جیاوازیان لە خولی ئیسپانیدا بەڕێکردووە.

یانەی ئەلەتیکۆ مەدرید بە کۆکردنەوەی 83 خاڵ لە پلەی یەکەم دێت و یانەی ڤەلەدوەلیدش بە 39 خاڵ لە پلەی نۆزدە دێت.

لە یاریەکی تر و لە هەمان کاتدا، یانەی ڕیاڵ مەدریدی دووەمی ڕیزبەندی لەیاریگای خۆی بەرامبەر یانەی ڤیاڕیاڵ یاریدەکات، ڕیاڵ بۆئەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا بەدەستبهێنێت دەبێت ئەم یاریە بباتەوە و چاوەڕێی شکست یان یەکسانبوونی ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرامبەر بەلەد وەلید بکات.

زەینەدین زیدانی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند، دەیانەوێت لە یاریەکەی ڤیاڕیاڵ هەموو شتێک پێشکەش بکەن و ماوەی 90  خولەکەکە تێدەکۆشن و هیواشی بەوە هەیە نازناوەکە بەدەستبهێنن. 

زیدان وتی: وەرزی 2017 لەکۆتا هەفتەدا توانیمان نازناوی لالیگا بەدەستبهێنین کە ئەوەش چێژێکی تایبەتی هەبوو، متمانەمان بەخۆمان هەیە کە ئەوپەڕی توانای خۆمان بەکاربهێنین و هیلاکیەکانمان بەفیڕۆنەچێت. 

وتیشی: گرنگترین شت لە ئێستادا یاریەکەی کۆتا هەفتەیە و دواتر کاتی زۆرمان لەبەردەستە بۆ باس کردنی داهاتووم و لەو کاتەشدا بڕیارێکی گونجاو دەدەم، سوپاسی یاریزانەکانیشم دەکەم کە هەستێکی باشیان هەیە بۆم و دەیانەوێت بەردەوام بم . 

زیدان ئاشکرایکرد، ڕامۆس لە پێکان چاکبوەتەوە و بۆ یاریەکەی ڤیاڕیاڵ ئامادەیە بەڵام هازارد بەهۆی بوونی ئازارێکی کەمەوە ناتوانێت لەگەڵیان ئامادەبێت و سەرکێشی پێوە ناکەن بۆ ئەو یاریە. 

ئاماژەی بەوەشدا، دلخۆشە بە گەڕانەوەی کەریم بنزیمە بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی فەرەنسا و رایگەیاند کە ئەو هیچ دەورێکی نەبووە لەو بابەتەدا و هیوادارە زۆرترین سوودیان پێبگەنێت.

یانەی ریاڵ مەدرید بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ لە پلەی دوەەم دێت و یانەی ڤیاریاڵیش بە 57 خاڵ لە پلەی دوەم دێت

لەیارییەکانی تریشدا، یانەی بەرشەلۆنە کە بێهیوابووە لە نازناوی ئەم وەرزە ڕووبەرووی یانەی ئیبار دەبێتەوە لە یاریگای ئیبار. 

یانەی بەرشەلۆنە بە کۆکردنەوەی 76 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و یانەی ئیباریش بە 30 خاڵ لە پلەی بیستەم دێت