پاشماوەی هەفتەی ٣٤ لە خولی ئینگلیزی
ئایار 3, 2021لە هەفتەى 34ى خولى نایابى تۆپى پێى ئینگلتەرا، یانەى ئارسناڵ لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، ڕووبەڕووى یانەى نیوکاسڵ یونایتد بووەوە.
ئارسناڵ بە دوو گۆڵى بێ بەرامبەر یارییەکەى لە سودى خۆى کۆتایى پێهێنا ،و گۆڵەکانیشى لە خولەکەکانى 6 و 66دا لەلایەن محەمەد نینى و پێر ئۆبامیانگەوە تۆمارکرد.
بەم ئەنجامە، ئارسناڵ دواى یەکسانبوونێک و دۆڕاندنێک بە بردنەوە شادبووەوە،
و بە 49 خاڵ و بەشێویەکى کاتى سەرکەوتنى بۆ نۆیەمى ڕیزبەندى پریمەر لیگ بەدەستهێنا، نیوکاسڵیش لە پلەى 17دایە و 36 خاڵى هەیە.
لە درێژەی یارییەکانی هەفتەی 34 ی خولی ئینگلتەرا، یانەی تۆتنهام لە یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی شیفێڵد یونایتد بوەوە.
تۆتنهام بە ئەنجامێکی گەورە و بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا،
گاریس بەیڵ سێ گۆڵ و مین سۆن گۆڵەکانیان تۆمارکرد.
بەم ئەنجامە، تۆتنها بە کۆکردنەوەی 56 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی چووە پێنجەمی ڕیزبەندی، و شیفێڵدیش لە پلەی بیستەم و کۆتایدایە.
وە بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر 6 و 30 خولەک هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و لیڤەرپوڵ،
لە یاری لوتکەی هەفتەی 34 ی خولی ئینگلتەرا لەیاریگای ئۆلدترافۆرد ڕووبەڕووی یەکببنەوە.
بەلام بەهۆی چوونە ناوەوەی هاندەرانی مانچستەر یونایتد ،بۆ ناو یاریگا و دەربڕینی ناڕەزایی دژی خاوەنی یانەکەیان کە خێزانی گلەیزەرن یارییەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا.
هاندەرانی مانچستەر یونایتد داوای دەستلەکارکێشانەوەی خاوەنی یانەکەیان دەکەن، بەهۆی بڕیاری بەشداریکردن لە خولی سوپەری ئەوروپا و ڕێزنەگرتنی هاندەران.
بڕیاربوو یاریەکە بۆ دوو کاتژمێر دوابخرێت و لە کاتژمێر 8 و 30 خولەک ئەنجامبدرێت،
بەلام بەهۆی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان، یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا بەفەرمی یاریەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.