خولی ئیسپانی .. ئەمرۆ یارییەکانی هەفتەیی 34 بەرێوەدەچێ
ئایار 1, 2021سبەی شەممە لە یارییەکانی هەفتەی 34 ی خولی ئیسپانیدا، کاتژمێر پێنج و پانزە خولەک، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی پێشەنگی ڕیزبەندی لە دەرەوەی یاریگای خۆی ڕووبەرووی یانەی ئێلچی دەبێتەوە،
لە کاتژمێر دەی شەویشدا یانەی ڕیاڵ مەدریدی دووەمی ڕیزبەندی میوانداری ئۆساسۆنا دەکات.
ڕۆژی یەکشەممەش چەند یارییەکی تر ئەنجامدەدرێت، لە کاتژمێر سێ ڕیاڵ بیتیس دەبێتە میوانی بەلەد وەلید و.
لە کاتژمێر دەی شەویشدا یانەی بەرشەلۆنە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی ڤالانسیا یاریدەکات.
هەروەها ڕۆژی دوشەممە لە کۆتا یاری هەفتەکەدا ،یانەی سیڤیلیەی چوارەمی ڕیزبەندی لە یارییەکی بەهێزدا، میوانداری یانەی ئەتلەتیک بلباو دەکات.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا زێدانی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید باسی لە ئامادەکارییەکانی یانەکەى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ئۆساسۆنا لە هەفتەى 34ی خولی ئیسپانیا کرد،
و دووپاتیکردوە، ئامانجی سەرەکیان ڕوونە و دەیانەوێت سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبێنن و تا کۆتایی 90 خولەکە شەڕ بکەن.
زێدان سەبارەت بە پێکهاتەکەى یانەکەی ئاشکرایکرد، مۆدریچ و کاسمیرۆ و کروس بەشێوەیەکی سەرەکی بەشداری دەکەن. و ڕامۆسیش ئامادەیە،
بەڵام ڤالڤێردی و مێندی و مارسلیۆ لە ڕۆژی چوارشەممە بۆ یارییەکەى چێڵسی ئامادە دەبن.
لەهەفتەی 34ی خولی ئیسپانیا ڕیاڵ مەدرید میوانداری ئۆساسۆنا دەکات هەردوو یانە لە سەردەمی ڕاهێنەرایەتی زێدان ،
پێنج جار بەرامبەر یەک یارییان کردووە، تیپەکەى زێدان توانیویەتی چوار یاری بباتەوە و لە یارییەکدا یەکسان بیت.
هەروەها دێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕایگەیاند پێش ڕووبەڕووبونەوی یانەکەی بەرامبەر یانەی ئێلچی،
لە خولی ئیسپانیدا، ، تەنها گرنگی بە یاریەکەیان بەرامبەر ئێلچی دەدات و بە ڕکابەرێکی قورسیان دادەنێت دوای ئەوەی ڕاهێنەری نوێیان دەستنیشانکردووە.
سیمیۆنی وتی: ڕکابەری کردنی چوار یانە لەسەر نازناوی خولی ئیسپانیای ئەم وەرزە زۆر باشە و سوودێکی زۆر بە خولەکە دەگەیەنێت،
و وات لێدەکات هەموو یاریەک تەنیا هەوڵی بردنەوە بدەیت چونکە هەر شکستێک دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە نازناوەکە.
وتیشی:دەبێت لە دەرەوەی یاریگای خۆمان ئەنجامەکانمان باش بکەین ،و چەندین خاڵمان لەدەستداوە کاتێک لە یاریگای یانەی ڕکابەر یاریمان ئەنجامداوە.
ئەماژەی بەوەشدا تەنیا 15 خولەکی کۆتایی یارییەکی بەرشەلۆنەی بینیوە ،چونکە ئەوەی گرنگە بیرکردنەوەیە لە یاریەکەی ئەم هەفتەی یانەکەی.
ئاشکراشیکرد، یانەکەی لە ژێر پەستانێکی زۆری دەروونی و راگەیاندنەکاندایە ، بۆیە پێویستە بردنەوە بەدەستبهێنن لە پێناو کەمبونەوەی ئەو پەستانانە.