ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا هەڕەشەی توندیان لێ دەکرێت
نیسان 25, 2021گۆڤاری دێرشپیگلی ئەڵمانی، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی ئەو یانانە بڵاوکردووەتەوە ،
کە بڕیاریاندابوو بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن و پاشان لە بڕیارەکەیان پەشیمانبوونەوە،
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەر یانەیەک لە پاڵەوانێتییەکە بچێتە دەرەوە 150 ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سوپەرلیگ.
دێرشپیگل دەڵێت ” ئەو 12 یانەیەی بڕیاری بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکەدا دابوو، واژۆیان لەسەر گرێبەستێک کردووە بۆ ئەوەی لە بڕیارەکەیان پەشیمان نەبنەوە.
یانەکانی ڕیال مەدرید، بارسێلۆنا، میلان و یوڤێنتوس ئەو چوار یانەیەن کە سوورن، لەسەر ئەو پڕۆژەیە و بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤارە ئەڵمانییەکە، یانەکان بۆ مانەوە لە پڕۆژەکەدا 700 ملیۆن یۆرۆیان دەستدەکەوێت.
ئەو 12 یانەیە کە 6 یانەی ئینگلیزی، 3 یانەی ئیسپانی و 3 یانەی ئیتالی بوون بۆ 23 ساڵی داهاتوو ،واژۆیان کردووە و بەپێی گرێبەستەکە لە سێ ساڵی یەکەمدا ناتوانن خۆیان بکشێننەوە.
ڕۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت ” هەرچوار یانەی ریال مەدرید، بارسێلۆنا، میلان و یوڤێنتوس لەژێر هەڕەشەدان” دوای ئەوەی ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، گوتی ” هەر یانەیەک بەشداری لە سوپەرلیگدا بکات، رێگەی نادەین بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکات” .
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سوپەرلیگ ،و یانەی ڕیال مەدرید دەڵێت ” لە ماوەی 3 مانگدا ئێمەی یانەکانی سوپەرلیگ 650 ملیۆن یۆرۆ، زیانمان پێگەیشتووە، سوپەرلیگ یانەکان لەم قەیرانە داراییە رزگار دەکات”.
سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید زیاتر گوتی ” ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا شتێک بۆ تۆپی پێ نەکرێت، هاوشێوەی یانەی بوردۆی فەرەنسی زۆر یانەی دیکە بەرەو مایەپووچبوون دەچن”.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، لە ئیسپانیا و ئیتالیا لە رێگەی تویتەرەوە، هەزاران تویت بۆ دوورخستنەوەی ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی یۆفا لەژێر هاشتاگی CeferinOut# کراون.
چێفرین لە دوایین هەڤپەیڤینیدا گوتی ” ریال مەدرید و بارسێلۆنا ئەگەر دەیانەوێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکەن، دەبێت بە سوپەرلیگ بڵێن نەخێر”.


