یانەکانی یۆڤانتۆس و ئینتەر میلان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا

یانەکانی یۆڤانتۆس و ئینتەر میلان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا

نیسان 12, 2021 0 By wkadmin

لە درێژەى یارییەکانى هەفتەى 30ى خولى پلە یەکى تۆپى پێى ئیتاڵیا، یانەى یۆڤانتۆس لە یاریگاى ئەلیانز ستادیۆم، میواندارى یانەى جەنەواى کرد. 

یۆڤانتۆس بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەى بردەوە و گۆڵەکانیش کۆلۆڤێسکى و مۆراتا و ماکینى لە خولەکەکانى 4 و 22 و 70دا تۆماریانکرد، تاکە گۆڵەکەى جەنەواش سکاماکا لە خولەکى 49دا تۆماریکرد. 

بەم ئەنجامە، یۆڤانتۆس بە کۆکردنەوەى 62 خاڵ پارێزگاری لە پلەى سێیەمى ڕیزبەندى خولەکە کرد و جیاوازى خاڵەکانى لەگەڵ ئەى سى میلانى پلەى دووەم بۆ خاڵێک کەمکردەوە، جەنەواش بەشێوەیەکى کاتى لە پلەى 13دایە و 32 خاڵى هەیە. 

لە یارییەکی تردا یانەی ئینتەرمیلانی پێشەنگی ڕیزبەندی ، لە یاریگای جیۆسێپی میاتزا میوانداری یانەی کالیاری کرد. 

یاریەکەش بە گۆڵێکی بێبەرامبە,ر لە سوودی ئینتەر کۆتاییهات،

 تاکە گۆڵی یاریەکەش ماتیۆ دارمیان لە خولەکی 77 تۆماریکرد. 

ئینتەر خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ ،و جیاوازیەکەی لەگەڵ میلانی دووەم لە یانزە خاڵدا هێشتەوە ،و کالیاریش بە 22 خاڵ لە هەژدەی ڕیزبەندیدایە.

دوای بردنەوەی یانەکەی لە یانەی کالیاری، ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری ئینتەرمیلان رایگەیاند :کە دڵخۆشە بەو ئاستەی یاریزانەکانی پێشکەشی دەکەن و بردنەوەش لە هەر یاریەکدا ،وەک بەدەستهێنانی شەش خاڵە بۆ یانەکەی وایە.

کۆنتی وتی:وای دانانێم برایەکی گەورەی یاریزانەکانم بم، بەڵام لە هەندێک کاتدا سەری یاریزانەکانم ماچدەکەم و ئامادەشم لە پێناوی ئەواندا بچمە ناو ئاگرەوە چونکە شایستەن. 

وتیشی: ئێستا یاری کەمتر ئەنجامدەدەین و ڕۆژێک پشوو بە یاریزانەکان و خۆشم دەدەم، دوێنێ میلان بردنەوەی بەدەستهێنا دەبوو ئێمەش بیبەینەوە، بۆ ئەوەی جیاوازیەکەی نێوانمان وەک خۆێ بهێڵینەوە و ئەوەشمان ئەنجامدا، ژمارەیەک لە یاریزانەکانم هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا فشاریان لەسەر نەبوە ،

بە دڵنیاییشەوە من زۆر لێیان ڕازیم و لە ماوەی دوو وەرزی ڕابردووشدا ئاستیان زۆر بەرەوپێش چووە، بردنەوەم خۆش دەوێت و ئەو بیرۆکەیەشم گواستۆتەوە بۆ عەقڵیەتی یاریزانەکانم. 

ئاماژەی بەوەشدا، یۆڤانتۆس لە چەند وەرزی ڕابردوودا باڵادەستی خۆی سەپاندبوو ،بەسەر خولی ئیتاڵیدا بەڵام ئێمە لەماوەی وەرز و نیوێکدا توانیمان کارە گەورەکە ئەنجامبدەین،
 ئەوەش بە هۆی هەوڵە باشەکانی یاریزانەکانی یانەکەمەوەیە و پێویستە گرنگیەکی زۆریان پێبدرێت و بۆ وەرزی داهاتووش خوێندنەوەی زیاتر دەکەین بۆ خولەکانی ئەوروپا.

لە درێژەی یارییەکانی سێریا ئەی دا، یانەی ناپپۆلی لەدەرەوەی یاریگای خۆی بوە میوانی یانەی سامپدۆریا. 

ناپۆلی میوان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یاریەکەی لە سوودی خۆی کۆتایی پێهێنا،

گۆڵەکانیش لە خولەکەکانی 35 و 87 فابیان ڕۆیز و ڤیکتۆر ئۆسیمین تۆماریانکرد. 

لە یارییەکی تریشدا، یانەی لازیۆ لەدەرەوەی یاریگای بە گۆڵێکی میلینکۆڤیچ ساڤیچ کە لەخولەکی 92 دا تۆماریکرد لە هیلاس ڤیرۆنای بردەوە. 

بەم ئەنجامانە، ناپۆلی بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی چووە چوارەمی ڕیزبەندی، لازیۆش 55 خاڵی هەیە و پلەی شەشەمی گرتوە