ئەنجامەکانی خولی ئیتاڵی
نیسان 11, 2021لە خولى ئیتاڵیا، میلان بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە پارماى بردەوە و ئیبراهیمۆڤیچیش کارتى سورى وەرگرت.
لە هەفتەى 30ى خولى پلە یەکى تۆپى پێى ئیتاڵیا، ئەى سى میلان لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا ڕووبەڕووى پارما بووەوە و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەى بردەوە، بەڵام بەهۆى کارتى سورەوە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچى هێرشبەرى لەدەستدا، کە لە خولەکى 61دا وەریگرت.
گۆڵەکانى میلان ئەنتى ڕیبیچ و فرانک کیسى و ڕافاێل لیاو لە خولەکەکانى 8 و 44 و 90دا تۆماریانکرد، تاکە گۆڵەکەى پارماش ڕیکاردۆ گایلۆلۆ لە خولەکى 68دا تۆماریکرد.
بەم ئەنجامە، میلانی خاوەنى پلەى دووەمى ڕیزبەندى خولەکە، بە 63 خاڵ و بەشێوەیەکى کاتى جیاوازى خاڵەکانى لەگەڵ ئینتەر میلانى پێشەنگ بۆ هەشت خاڵ کەمکردەوە، پارماش لە پلەى 19ى پێش کۆتاییدایە و 20 خاڵى هەیە.


