جیرۆ توانی سەرکەوتنێکی دیکە بۆ چێڵسی بەدەست بهێنێت
شوبات 24, 2021لە یاریەکانی دوێنێی چامپیۆنس لیگدا چێڵسی توانی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئەتلەتیکۆ مەدریدی پێشەنگی لالیگا بباتەوە.بەمەش توانی هەنگاوێک بۆ قۆناغی داهاتووی پاڵەوانیەتیەکە بنێت.
هەرچەندە لە جێمی یەکەمی یاریەکەدا چێڵسی هەوڵێکی زۆریان دا کە گۆڵ تۆمار بکەن،بەڵام هەوڵەکانیان بێئەنجام بوو،پاشان لە جێمی دووەمدا لە خولەکی 68 دا،ئۆلیڤەر جیرۆ توانی گۆڵێک بە لێدانی سەر بۆ یانەکەی تۆمار کرد،بەم ئەنجامەش توانیان لە یاری چوونی قۆناغی 16 ی پاڵەوانیەتیەکەدا سەرکەوتووبن،لەو کاتەوەی تۆماس تۆخێل جێگەی فرانک لامپاردی گرتۆتەوە ئەم یانەیە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە،ئەمە 8 یاری یەک لە دوایەکە لە هەموو پاڵەوانیەتیەکاندا ئەنجامی داوە و سەرکەوتوو بوە.هەروەها ئەمە شەشەم گۆڵی جیرۆ بوو کە لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگدا تۆماری کرد،وە بوە گەورەترین یاریزانی چێڵسی کە لەتەمەنی 34 ساڵی 146 ڕۆژیدا گۆڵ لە یاریەکانی چامپیۆنس لیگدا تۆمار بکات،ئەم یاریزانە بەم تەمەنەوەی کە هەیەتی بە جۆرێک یاری دەکات کە هەست ناکرێت لەو تەمەنەدا بێت،تواناکانی لە یاریزانێکی 24 ساڵ دەچێت،ڕاهێنەرەکەشی بە توانای ئەم یاریزانەی زۆر دڵخۆشە،لە ئاستی یاریکردنی لە یاریگادا ڕازیە.هەروەها گۆڵپارێزی ئەم یانەیە ئیدواردی مێندی،زیاتر لە هەموو گۆڵپارێزی یانەکانی دیکە لەم وەرزەدا گۆڵەکەی پاراستوە،لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگدا تا ئێستە پێنج جار کلین شیتی هەبوە.تۆماس تۆخێل سەبارەت بە بردنەوەکەیان وتی،کە سەرکەوتنێکی خەیاڵی بوو،گۆڵێکی خەیاڵیمان تۆمار کرد،بەڵام ئێمە شایەنی ئەم بردنەوەیە بووین.
هەر لە درێژەی یاریەکانی دوێنێدا بایرن میونشنی ئەڵمانیش توانی بە ئەنجامی 4-1 لە لازیۆی ئیتاڵی بەرنەوە.یانەی بایرن توانیوویانە لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا 6 نازناو ببەنەوە،هەرچەندە لە دوو یاری ڕابردوویاندا کە لە بۆندسلیگادا ئەنجامیان دا،نەیانتوانی سەرکەوتووبن،بەڵام دوێنێ بە ئاستێکی زۆر باشەوە یاریان کرد،هەر لە جێمی یەکەمەوە دەسەڵاتی خۆیان لە یاریگادا سەپاند و هەریەک لە لیڤاندۆسکی،جەمال مۆسیالا،سانێ سێ گۆڵیان تۆمار کرد و جێمی یەکەمیان بە پێشکەوتنی خۆیان کۆتایی پێهێنا،دواتریش هەر لەسەرەتای دەست پێكی جێمی دووەمەوە ئاچرەبی گۆڵی چوارەمی تۆمار کرد،لازیۆ هیچ هیوایەکی بۆ سەرکەوتن نەمابوو هەرچەندە گۆڵێکیشیان تۆمار کرد،بەڵام یاریەکە هەر بەسەرکەوتنی یانە ئەڵمانیەکە کۆتایی پێهات.ئەم دوو یانەیە 17 ی مانگی داهاتوو لە یاریەکانی گەڕانەوەدا جارێکی دیکە بەرامبەر یەکدی یاری دەکەنەوە.