مان سیتی لەسەر سەرکەوتنەکانی بەردەوامە.
شوبات 6, 2021دوێنێ مان سیتی بەرامبەر بێرنلی سەرکەوتنێکی ئاسانی بەدەست هێنا و توانی یاریەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر بباتەوە،بە جیاوازی سێ گۆڵ لە پێشەنگدا خۆی بهێڵیتەوە.
پیپ گواردیۆلا و تیمەکەی سەرکەوتنە مەزنەکەی مان یونایتدیان بینی کە توانی بە نۆ گۆڵی بێبەرامبەر بەسەر ساوسهامپتۆندا سەربکەون،بەڵام ئەمە هیچ ترسێکی نەخستە دڵی یاریزانەکانی مان سیتیەوە،بەڵکو هەموو توانایان خستە گەڕ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێشەنگ بکەن و ڕێگە نەدەن مان یونایتد لێیان وەربگرێتەوە.
خاوەن یاریگا هەر لە سەرەتای یاریەکەوە دەسەڵتای خۆی لەدەستدا کاتێک گابرێل جێسوس گۆڵی یەکەمی پاش سێ خولەک تۆمار کرد،هەروەها بووە 75 یەمین گۆڵی ئەم یاریزانە کە بۆ مان سیتی تۆمارکردوە.ئەم گۆڵەی یەکەم و متمانی یاریزانەکان وایکرد،کە زیاتر هەوڵبدەن و بەردەوام بن لە سەرکەوتنەکانیان،بۆیە لە خولەکی 38 دا ڕەحیم ستریلینگیش بە هۆی پاسێکی ئیلیکای گۆندۆگانەوە گۆڵی دووەم و پێش کەوتنی بۆ تیمەکەی تۆمار کردوو توانیان یاریەکە بەم ئەنجامە کۆتایی پێبهێنن،سێ خاڵی یاریەکە ببەنەوە ،ئەم یاریزانە لە کۆی 10 یاری ئەم ماوەیەدا کە بۆ مان سیتی کردوویەتی توانییویەتی بەشداری لە 8 گۆڵدا بکات،ئێستە ئەم یانەیە بە کۆی 47 خاڵ لە پلەی یەکەمی خولەکەدا ماونەتەوە.بێرنلیش بەم دۆرانەیان لە پلەی 16 یەمدا مانەوە،بەڵام هێشتا بە جیاوازی هەشت خاڵ لە سەروو هێڵی دابەزینەوەن.
پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری مان سیتی پاش یاریەکەیان وتی،من دڵخۆشم بەوەی توانیمان یاریەکە ببەینەوە،بەڵام لە خولەکەکانی کۆتایی جێمی یەکەمدا تینوو بووین بۆ پشوو باش یاریمان نەدەکرد،بەڕای من تەنها 15 خولەکی سەرەتای جێمی دووەم باش یاریمان کرد،ئەوە ئاستی ڕاستەقینەی ئێمە بوو،دەبوایە گۆڵی سێیەم و چوارەمیشمان بکردایە،بەڵام نەمان توانی،زیاتر لەوەی هێرش بەرین پاسمان ئەد او کاتمان بەفیڕۆ دەدا.سەبارەت بە توانای گابرێل جێسوسی یاریزانی ئەم ڕاهێنەرە وتی ئەو بە ئاستێکی زۆر باشەوە یاری کرد،هەموو هێرشبەرێک پێویستی بەوەیە گۆڵ تۆمار بکات بۆ ئەوەی متمانەی بە خۆی زیاد بکات،ئەویش هەر ئەمە دەکات.
ئەم سەرکەوتنەی مان سیتی بوە 13 هەمین سەرکەوتنی یەک لە دوایەکی لەم ماوەیەدا،لە کۆتا شەش یاریشیدا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە،هەروەها ئەمە سێیەم یاری مان سیتی لەم وەرزەدا کە لە بێرنلی بردۆتەوە.
یاری داهاتووی مان سیتی لە ڕۆژی یەکشەممەدا بەرامبەر لیڤەرپوڵ دەبێت،ئەو یانەیەی کە دوێنێ بۆ جارێکی دیکە دۆڕانیکی دیکەی تۆمار کرد،بە ئەنجامی 1-0 بە یانەی فۆڵهام دۆڕا و جیاوازی خاڵەکانیشی لەگەڵ مان سیتی پێشەنگدا بۆ 7 خاڵ بەرزکردەوە.